بەداخەوە زۆر جاران لە کاناڵ و پەیجە کوردییەکانی گەورەی باکوور و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینم کە وێڕای ئەوەی کە بەردەنگەکانیان کوردن و زۆربەشیان دەزانن کوردی بخوێنن بەڵام پۆست و بابەتەکانیان لە باکوور بە زمانی تورکی و لە ڕۆژهەڵاتیش بە زمانی فارسی بڵاو دەکەنەوە.
ڕەنگە زوو بڵێن دەی ئەمانە دەیانهەوێت
یەک: کەسانێکی زۆرتر لێیان تێبگەن
دوو: ساناتر و ئاسانتریش بابەتەکانیان بخوێنرێتەوە.
من خۆم لێرە کاناڵێکی فێرکاریی زمانی کوردیم داناوە، ئامانجی سەرەکیشم خزمەت بە زمانەکەمە و ئەمەش لەم سەد فیلم و بابەت و ... کە لە کاناڵ و پەیجەکان بڵاوم کردووە دیارە، زۆریش لە بابەتەکانم بە زمانی فارسی بڵاو کردووە چونکە بۆ ئەوەی بتهەوێ کارێک بکەی دەبێ ڕێوشوێنەکەی بزانیت بەردەنگی من تەواوی ئێرانە بەڵام کاتێک هەویستوومە بۆ خەڵکی شارەکەم وانەیەک دروست بکەم ئەوە بە زمانی کوردیم بڵاو کردووە واتە بە زمانێک فێرکاریم کردووە کە هاتوونە فێری ڕێنووسەکەی بن کەواتە ئەمەم بۆ دەرکەوتووە کە هەر چەندیش ئەستەم بەڵام زوو پێی ڕاهاتوونە و توانیویانە بەجوانی بیخوێنن.
لێرە ڕووی قسەم دەگەڵ تەواوی ئەم کاناڵ و پەیجە کوردییانەیە کە خۆیان بە خەمخۆری شارەکەیان دەزانن کەچی لە سەد بابەتان تۆ دە دانەی بە کوردی نابینییەوە.
سرنجی ئەم سەردێڕانەی خوارەوە بکەن
بۆ نموونە :
✅ پاککردنەوەی بەفر لە ڕێگای گوندی دوڕبە، لە لایەن خەڵکی گوندەکەوە. ☔️
✅بارانبارین لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، شاری شنۆ زۆرترین بارینی هەبووە.
✅گیانلەدەستدانی لاوێکی مەهاباد
✅هەر ئێستا بارودۆخی ڕێگای شنۆ و ورمێ لە گەڵی خورووشوو
✅وێنە کۆنەکانی دروستکردنی بەنداوی مەهاباد
✅باڵابەرزترین کەسی سەر زەوی خەڵکی کوردستانە، تورکیە.
✅بەخشینی جامی پاڵەوانێتیی فوتساڵ، جامی دەیەی فەجر بۆ یانەی گادەر، چەند ساتێک پێش ئێستا
گادەر ۲ میراباد ۰
✅ڤیدیۆیەکی زۆر جوان کە هیچ وەسفێک لە ڕوونکردنەوەکەی نابینمەوە.
ئێستا کەسێکی کوردی رۆژهەڵات کە هیچ لە ڕێنووسی کوردی نەزانێت تەنانەت هەر هەستیشی بە ڕێنووس و ئەلفبێی کوردی نەکردبێ لەمانە تێدەگات و دەتوانێ بیانخوێنێتەوە، وەک دیارە من هەندێ هەواڵم هەڵبژاردوونە کە پەیوەندییان بە کاناڵە هەواڵنێرەکانی شاری شنۆ و پەیوەندییان بە کوردەکان یان شارەکە هەیە.
باشە بۆچی لە سەدان بابەتی سانا تۆ دەبێ کەمتر لە دە دانە بە کوردی بنووسیت؟
ئایا تۆ ڕێنووسی کوردی دەزانیت؟
ئەگەر دەزانی بۆ لانی کەم ئەم هەواڵە سانا و هاسانانە بە زمانی بەردەنگەکەت نانووسی؟
ئەگەر نازانی بۆ ناچی فێر بی؟
یانی خۆت بە هەواڵنێر و خەبەرنگار و نازانم چی دەزانی کەچی نەخوێندەواری و ناتوانی بە زمانی خەڵک و نەتەوەکەت بنووسی؟
قسەی زەلام زەلامیش دەکەی کە من بۆ ئەم خەڵکە وا دەکەم؟
نەوەڵڵا هەموو دووڕوونە تەنیا پووڵ و گەورەکردنی پەیج و کاناڵەکەتان بۆ گرینگە کە دەڵێین ئەمە بۆ زمانی کوردی بڵاو بکەوە داوای پووڵیش دەکەی و بە مافی خۆتی دەزانی بەڵام خزمەت بە زمانت تەنیا مافی منە؟ بەڵام ڕاست دەڵێی دەبێ پووڵت پێ بدەم چونکە کاناڵ و پەیجی تۆیە، نەک کوردستان و شاری شنۆ.
شتێکی سەیرترتان بۆ بگێڕمەوە ئێستا ئەم کاناڵ و پەیجە بەنێو کوردییانە ئەگەر جوان سرنجیان بدەنێ بابەتی گاڵتە و فشە و پێکەنین، زۆربەی بە زمانی کوردی دەنووسن بەڵام بابەتی ڕۆژانە کە پەیوەندی بە ژیان هەیە وەکوو نموونەکانی سەرێ بە فارسی دەنووسن.
جا نازانم دەزانن یان نا، زمانی کوردی هەر بۆ گاڵتە و گەپ، کرێکار، هەژار و داماوەکانە نەک بابەتی پەروەردە و ژیان بۆیەش کە بابەتێک لەم بوارانە بە زمانی کوردی دێت بەردەنگی کەمە کە ڕێک ئەم سیاسەتە پیسە لە شاری کرماشانیش دەکرا زمانی کوردی واتە داماوەکان و هیچنەزان و گاڵتەچییەکان بەکاری دێنن.
خەڵک ڕوویان لە کاناڵەکەی ئێوە کردووە واتە متمانەیان بە ئێوەیە لە جیاتی ئەوەی کە ئێوە تینیان بدەن بۆ فێربوون و زیندووکردنی شووناسیان کەچی خراتر دەبێ کەسێک ئێوە وەخۆ بێنێتەوە ئەوە وا دیارە ڕێنووسی مێشکتان داگیر کراوە، چلۆن خەوتووەک دەتوانێ خەوتوویەکی دیکە لە خەو هەستێنێت؟
جا ئێستا ئەوە بزانن ڕووی قسەم لەگەڵ بەرێوەبەری کاناڵ و پەیجە کوردییەکان نییە چون هەتا پێم کوتن یا بلاکیان کردم یان پێکەنیان پێ دەهات یان پەیامەکانیان نەدەخوێندم ڕووی قسەی من دەگەڵ خەڵکە.
خۆم لە ئیمان نەکەم پەیج و کاناڵێکی وەک شنۆیەکەم لەم بازنەیە ئاوارتەیە و ڕۆژانە دەیان پۆستی جوانی کوردی بڵاو دەکاتەوە.
بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆریش هەڵەی خەڵکەکەیە کە ئەوانیش مێشکیان داگیرکراوە و لە سەردەمێک کە خۆی لە کۆڵان و بازاڕ و ماڵ بە کوردی قسان دەکات بەڵام کە نووسی یان هەویستی بخوێنێ پێی خۆشە فارسی بێت ئەخە بۆچی؟
ئەمەش ژانی ئەم باسە دوو قات زیاتر دەکات.
تکایە هەستن و تۆزێک وەخۆ بێنەوە.
هەژار شنۆیی
ڕێبەندانی ۱۴۰۲ی هەتاوی
@Kurdish_in_levels